پەیامی دایكێك بۆ ڕۆڵەکانی
بەشی سێیەم
ڕۆڵەكانم
لەبیرتان نەچێ چەند کردەوەیەکی ناشرین هەیە ژەهر دەکا بەگەرووی ژیاندا، کۆمەڵگە دەشێوێنێ و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان تێک دەدا، ئارامی ناهێڵێ و خۆشبەختی مرۆڤایەتی ویاساکانی دادپەروەری پێشێلدەکا!، کۆسپێکی ترسناکە لەبەردەم ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤایەتی، کاروانی ژیانی مرۆڤایەتی بەلاڕێ دادەبات و خۆشەویستی وپێکەوە ژیان زیندە بەچاڵ دەکات..
ئەو کردەوانەش، وەك:
غەدرکردن، درۆکردن، ناپاکی کردن، پێشێلکردنی مافی خەڵکی، شەڕو دووبەرەکی و هتد…
کەبێگومان هەرکەسێک خووی بەوکردەوانە گرت و بووە بەشێك لە ئەنجامدەرانی ئەم کارانە، ئەوە دەچێتە ناو زبڵدانی مێژوو و مرۆڤایەتی نەفرەتی لێدەکات.
لەبەر ئەوە دەبێ ئێوە هەمیشە لە هەوڵ و تەقەلا دابن بۆ بنەبڕکردن و نەهێشتنی ئەوکردەوانە و ببنە چاوساغی ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی و پاراستنی پیرۆزیەکان. هەمیشە ئەندامێکی کارابن لە پێشکەوتن و ئاوەدنکردنەوە.
ڕۆڵەكانم
لەبیرتان نەچێ کە زانست و ڕۆشنبیری چەکی دەستی مرۆڤە، ڕزگارکەری مرۆڤە لە نەزانی و تاریکی و بەدبەختی، بۆیە ئەگەر هەموو ژیانتان لەپێناو
زانست و ڕۆشنبیری و فێربووندا بەخت بکەن مایەی سەربەرزیە و دەستكەوتێكی گەورەیە، چونکە زانست، زانیاری، ڕۆشنبیری و فێربوون وەك باران و زەوی وایە، چۆن زەوی بەبێ باران بەتەنها
کێڵگەیەکی وشك و بەدڕكو داڵە و هیچ بەرهەمێکی نیە!، بەڵام ئەگەر بارانی هەبێ ئەوە دەبێتە سەرچاوەی خێرو بەرەکەت بۆ دەورو بەرەکەی و چەندان بەرهەم و دەستکەوتی بەهاداری تێدا بەرهەم دەهێندرێ، مرۆڤیش تەنها بەزانست و ڕۆشنبیری و تێگەیشتن دەگاتە بەرزترین ئاستی مرۆڤایەتی چونکە مرۆڤی ڕۆشنبیرو تێگەیشتوو دەتوانێ بەختەوەری بۆ خۆی و دەوروبەرەکەی بدۆزێتەوە و بەهۆیەوە خزمەتی کۆمەڵگاکەی بکات.
مرۆڤی تێگەیشت و پێگەیشت دەتوانێ دروستکەربێ، داهێنەربێ، دەتوانێ سەرکردە و پێشەنگ بێت.
ڕۆڵەكانم
هەرچەند زانا و دانابن قەت واتێمەگەن هەموو شت دەزانن و گەیشتونەتە لوتکە چونکە هەرچەند زانا و دانا بن هێشتا هەندێ شت هەیە نایزانن و
پێویستە فێری ببن، چونکە زانست وفێربوون وەك دەریایە و هەرگیز کۆتایی نایە!
ڕۆڵەكانم
لەبیرتان نەچێ کە هەڵسوکەوتی جوان نیشانەی هۆشیاری و ڕۆشنبیری کەسەکانە وەهەروها شێوازی هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان پێوەرە بۆ هەڵسەنگاندنی
ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتنیان، دەبێ ئێوە هەمیشە ئەوەتان لەبیربێ کە سیفات و هەڵسوکەوتەکانتان ناونیشان و پێناسەی ئێوەیە و
لەناو خەڵکی پێی دەناسرێنەوە..!
ڕۆڵەكانم
لەبیرتان نەچێ کە ئەرکی سەرشانی خۆتانە گەشە بە بەهرەو تواناکانی خۆتان بدەن وبزانن بەهرەوتواناکانتان بەشێکی گرنکی کەسایەتی ئێوەیە بەرپرسیاریێتی خۆتانە کەتواناکانی خۆتان بخەنە گەڕو داهێنانی تێدا بکەن و ژیانی پێ ئاوەدان بکەنەوە، تکایە مەهێلن سەرقاڵی ژیان گرنکی تواناکانتان لەبیربباتەوە چونکە بەهرەو تواناکانتان
دەریایێکی پڕ لە مرواری ئێوەیە دەبێ دڵتان پێی خۆش بێ و شانازی پێوەبکەن.
ڕۆڵەكانم
لەبیرتان نەچێ لە هەڵەکردن مەترسن و بەردەوام بن لەتاقیکردنەوەی رێگا نوێیەکان، ترسی هەڵەکردن نەبێتە کۆسپ لەبەردەمتان وڕاتان نەگرێ لە خولیا و چاڵاکیەکانتان، چونکە هەڵەکردن شەرمەزاری نیە
بەڵام دووبارە کردنەوەی هەمان هەڵە پرسیاری لەسەرە.
کەسە ژیرەکان هەڵەکانیان وەك ئەزموونێك وردەگرن ودەیکەنە وانەیەکی بەسوود بۆ داهاتوویان هەروها زۆرجار هەڵەکان دەبنە پاڵنەر بۆ گەڕان و سوڕان بەدوای شتی تازەترو زانیاری باشتر.
ئێوەش هەرکاتێ تووشی هەڵەیەك بوون، دەتوانن بەدواداچوون بۆ هۆکاری هەڵەکەتان بکەن و ڕاستیەکان بدۆزنەوەو هەڵەکەتان ڕاستبکەنەوە.
ڕۆڵەكانم
لەبیرتان نەچێ هەست ونەست و ناو ناختان ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژیانتان و هەموو جوڵە و هەڵسووکەوت و دەربڕینەکانتان پەیوەستن بەناو ناختان، بۆیە دەبێ هەمیشە دڵسۆز و گوێڕایەڵی ناوەو ناخی خۆتان بن و وەڵامی ویست وداخوازیەکانی ناخی خۆتان بدەنەوەو وزەی پێویستی بۆ دابین بکەن و خۆراکی
تەندروستی پێ بدەن، چونکە وەك ئاماژەمان پێدا کە سەرجەم دەرهاوێشتەکانی ژیانی مرۆڤ بەجۆرێك لە جۆرەکان پەیوەندی بەناو ناخەوە هەیە.
کەواتە دەبێ ئێوە بەشێوەیەك ناوەوەی خۆتان پەروەردە بکەن کە هەردەم لە نوێبونەوە و گەشەسەندن وچاڵاکی ئیجابی دابێ، هەروها ناخی خۆتان لە هەموو هۆکارە زیان بەخشەکان بپارێزن دەبێ بەشێوەیەك گرنکی بە ناوەوناخی خۆتان بدەن کە هەمیشە سەوزو گەش و پڕ لە جوانی بێ، هەموو ڕۆژێ ناوەوناختان بەئاوی گوڵاو بشۆنەوە، هەموو ڕۆژێ ناختان بە بارانی میهرەبانی و خۆشەویستی دێراو بکەن.
هەموو رۆژێ ناختان بە پاکی و سۆزو وەفا پاراو بکەن
هەموو ڕۆژێ ناختان بەئارامی وئاسوودەیی بڕازێننەوە، چونکە هەموو پڕۆسەی ژیانتان پەیوەندی بەناوەوناختانەوە هەیە…
ڕۆڵەكانم
لەبیرتان نەچێ دەبێ لە هەموو بارودۆخێکدا بەقەد ئەوە وزە و تواناتان هەبێ کە خۆتان فرمێسکەکانی خۆتان بسڕن و خەمەکانتان بنێژن و برینەکانتان دەرمان بکەن، لە ناخۆشیەکاندا بە ئومێدێکی گەورەتر لەجاران دەست بەژیان بکەنەوە و لەسەر پێیەکانی خۆتان بوەستن، چونکە مرۆڤە ژیرەکان
ئەوانەی خاوەنی بیروهۆش و ئەقڵی گەورەن دەتوانن لەهەموو بارو دۆخەکاندا پشت بەخۆیان ببەستن و چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکانیان
بدۆزنەوە و زاڵ بن بەسەر ئاستەنگەکانی ژیان..
ڕۆڵەكانم
لەبیرتان نەچێ تەنها تەماشاکەر و چاولێکەر مەبن،
دووبارەی کەسانیتر مەبن، بەرنامە و پلان و پەیامی خۆتان هەبێ، شتە بچووکەکان لەخۆتان گەورە مەکەن، لە گەرمەی ڕووداوەکاندا بەدوای چارەسەری گونجاودا مەگەڕێن چونکە چارەسەری گونجاو کاتی دەوێ، لەبڕیاردان پەلەپەلی مەکەن،
هەر شتێکتان نەبوو دەتوانن هەوڵی بۆ بدەن، چونکە سەرەتا و نهێنی هەموو شتەکان هەوڵدانە، خۆشەویستی بکەنە پەیامی ژیانتان و ڕێز لە دروستکراوەکانی خوای گەورە بگرن و میهرەبان و بەخشندە بن.
ئامانەت پارێز بن، دڵپاك و دەست پاك بن، بۆ هەموو کاروبارەکانتان پشت بەخوای گەورە ببەستن، چونکە هەر ئەو کارسازی هەموو کارەکانە
جوانی بپارێزن، بۆ دەروبەرتان هەوێنی خێر و بەرەکەت و ئاوەدانی بن..
ڕۆڵەكانم
هیوادارم سوود لەو نوسینە وەربگرن چونکە هەمووی ئەزموونی تەمەنێکی دورو درێژەو لەخۆڕای نەنوسراوە.
وەهەروها پەیامی دایکێکی دڵسۆزە..
نوسینی: ”ڕوقیە ابراهیم”