چۆن خزم و نزیكەكانمان هۆگری خۆمان بكەین لەكاتی سەردانیكردندا؟
لای هەموومان ڕوونە كە سەردانی كردن و میوانداری كردنی یەكتر هۆكارێكی زۆر گرنگی برەودانە بە پەیوەندییەكانی یەكتر و دووپات كردنەوەی سۆز و خۆشەویستیە بەرامبەر بە یەكتر و لەهەمان كاتیشدا بۆ كەسی بەرامبەری دەسەلمێنیت كە ئەو هێشتا لای تۆ گرنگە و جێگای بایەخە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك خاڵ هەن پێویستە لە كاتی میوانداری كردنی یەكتر ڕەچاویان بكەین بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكان و چێژ وەرگرتن لەم ماوەیەدا، لێرەدا باس لە 10 خاڵی گرنگ دەكەین:
١- ئەوەی بەر لە هەر شتێك گرنگ و پێویستە هەڵبژاردنی كاتی گونجاوە بۆ سەردانیكردن، بە واتایەكی تر باسی بكەین، پێویستە ڕەچاوی بارودۆخی ئەو ماڵە بكەین كە دەمانەوێت سەردانیان بكەین، بۆ نمونە ئەگەر خاوەن ماڵ كاتی كاركردنەكەی لە بەیانی تا عەسر بێت وا باشترە كە دوای عیشا بچین بۆ سەدانی، یاخود ئەگەر كاتی كاركردنەكەی لەدوای عەسر بۆ دوای عیشا بوو واباشترە پێش نیوەڕۆ یان پێش عەسر سەردانی بكەین.
كەواتە پێویستە بەپێی كاتی كركردن و پشودانی خاوەن ماڵ كاتی گونجاو هەڵبژێرین بۆ سەردانیكردن.
٢- پێش ئەوەی بەڕێبكەوین پێویستە بە پەیوەندیكردن ئاگاداریان بكەینەوە، بۆ ئەوەی بزانین كە ئایا لە ماڵەوەن یان نا، یاخود ڕەنگە كێشەیەك یان نەخۆشیەكیان هەبێت، یاخود بەلایەنی كەم بۆ ئەوەی خۆیان ئامادەبكەن.
وە لەهەندێك كاتدا ئەگەر وتیان بارودۆخمان گونجاو نییە و بەم كاتە مەیەن بۆ سەردانیمان، نابێت لە دڵمان گران بێت و ڕقیان لەبەرامبەر هەڵگرین، چونكە ڕەنگە كێشەی تایبەتی خۆیان هەبێت و حەز نەكەن كەس پێی بزانێت و لای كەس باسی بكەن.
٣- لەدوای ئاگادار كردنەوە و ڕەزامەندی ئەوان بۆ سەردانیكردنەكە، كاتێك گەیشتنە بەر دەرگای ماڵیان، ئەگەر دەرگاش كرابویەوە نابێت بچینە ژوورەوە، دەبێت سەرەتا لە ڕێگای زەنگی دەرگا یان لە دەرگادان ئاگاداریان بكەینەوە، تا نەیەنە پێشوازیمان بۆمان نییە بچینە ژوورەوە.
”چەند جارێك حاڵەتی وا ڕوویداوە: لە ماڵ پاڵكەوتووم یان یان بە شێوازێك دانیشتووم كە ئارەزووم لێی بووە، لەناكاو دراوسێیەك یان خزمێكمان خۆی كردووە بە ژووردا بەبێ لەدەرگادان، زۆرم پێ ناخۆش بووە كە ئەو منی بەم شێوازە بینیوە”
بۆیە لەدەرگادان و ئاگادار كردنەوەی ماڵەكە خاڵێكی گرنگە.
٤- لەكاتی گفتوگۆ كردن لەگەڵ ئەندامانی ماڵەكە هەوڵبدەن زیاتر قسە لەسەر ئەو خاڵانە بكەن كە خاڵی هاوبەشن لەنێوانتاندا نەك ئەو خاڵانەی كە دەبنە هۆی دروستكردنی مناقەشە و لێك دووركەوتنەوە.
”لە هەندێك میوانداری دانیشتووم، بینیومە كە میوان و خاوەن ماڵ لەسەر خاڵێكی ناكۆك موناقشەیان كردووە و تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە كەسیان بیروڕای ئەویتریانی پێ بەسەند نەبووە و هەموو كاتی میوانداریەكەشیان بەم موناقشەیە بەڕێكردووە، لەكۆتاییشدا نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێك و دڵیشیان لەیەكتر ڕەنجاوە..!”
بۆیە گرنگی بە خاڵە هاوبەشەكان بدەن و خاڵە ناكۆكەكان وەلابنێن.
٥- هەر ماڵێك یاسا و ڕێسای تابەت بەخۆیان هەیە. كە دەچینە میوانداری پێویستە ڕێز لە ڕێساكانی ئەو ماڵە بگرین و حورمەتی ماڵەكە نەشكێنی.
6- ٦- لەكاتی میوانداری هەوڵبدەن تا دەكرێت مۆبایل بەكار مەهێنن، بەداخەوە كە ئێستا بەكارهێنانی مۆبایل و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بۆتە شتێكی باو لە كاتی میوانداریەكاندا، زۆر جار دەبینین لە میوانداریەكاندا لەبری ئەوەی میوان و ئەندامانی ماڵەكە دوو قسەی خۆش و پێویست بكەن!، هەموو وێكڕا سەریان خستووەتە سەر مۆبایلەكەیان و وەك بڵێی هیچ میوانداریەك لەگۆڕێدا نییە!.
هەموو شتێك كات و ساتی خۆی هەیە، هەروەك عەرەب دەڵێت: ”لكل مقام مقال”
كاتی میوانداری كاتی بەكارهێنانی مۆبایل نییە، بەڵكو كاتی ئەحواڵ پرسین و قسە و باسی بە سوود چێژ بەخشە.
٧- مانەوە لە میوانداریدا، پێویستە ئاگامان لە كات بێت لە میوانداریدا و ڕەچاوی بارودۆخی ئەو ماڵە بكەین، بەتایبەت ئەگەر خاوەن ماڵ كاتی كاركردنەكەی بەیانی زوو بێت یاخود منداڵەكانی بەیانیان بوون لە قوتابخانە و ئێمەش بە شەو چوینە سەردانیان، پێویستە كەمێك زوو هەڵسین بۆ ئەوەی ماڵەكە پشوو وەربگرن و زوو بخەون.
جۆری سەردانی كردنەكان جیان، ئەگەر سەردانی كردنێكی ئاسایی بوو با ئەوپەڕی لە 4 سەعات تێپەڕ نەكات.
بەڵام ئەگەر سەردانی كردنەكە بۆ لای نەخۆش بوو پێویستە ڕەچاوی بارودۆخی نەخۆش بكەین، تا دەكرێت منداڵی بچووك لەگەڵ خۆمان نەبەین و زوو ئەوێ جێبێڵین، مانەوەمان لای نەخۆش با ئەوپەڕی نیو كاتژمێر بێت.
یاخود سەردانی كردنی حاجیەكان، پێویستە لە كاتی سەردانی كردن بۆ لای حاجیەكان لە كورتترین ماوەدا تەواو بكەین، چونكە هەم حاجیەكە كە تازە لە سەفەردا گەڕاوەتەوە و هیلاكە وە هەم ئەندامانی ماڵەكە لەبەر زۆری ڕێژەی میوانەكان ئەركیان قورس دەبێت و زۆر ماندوو دەبن، بۆیە با ئەوپەڕی 20 خولەك لای حاجیەكان بمێنینەوە.
وەهەروەها لەكاتی سەردانی كردنی كەسانی پرسەدار، دووبارە پێویستە تا دەكرێت منداڵی بچووك لەگەڵ خۆمان نەبەین و ڕەچاوی كات بكەین، با ئەوپەڕی مانەوەمان لای پرسەدار 15 بۆ 20 خولەك بێت.
٨- خاڵێكی گرنگ هەیە لە كاتی سەردانی كردن كە ئێستا زۆر باوە، ئەویش باسكردنی ”سیاسەت”ە لە كاتی میوانداریەكاندا یاخود ”غەیبەت” كردنی كەسانی ترە، كە ئەم دوو خاڵە لە كوشندە ترین دوو خاڵن لەكاتی میوانداریەكاندا، دەبینین زۆربەی جارەكان پیاوەكان دەست دەكەن بە باسی سیاسەت و شیكردنەوە بۆ بارودۆخ و هەواڵەكانی تیڤی دەكەن ”كە هیچ گرنگ نییە و تەنها كات كوشتنە” وە لەولا تریشەوە ئافرەتەكان دەست دەكەن بە غەیبەت كردن و باسكردنی فڵان و فیسار.!
چەندین جار وا ڕوویداوە بە پیاوەكانم وتووە باشە ئێستا ئەو هەموو كاتەتان بە باسكردنی سیاسەت كوشت! هیچ شتێك لە بارودۆخەكە گۆڕا؟، وەڵامەكەیان ئەوە بووە: جا تۆ چوزانی!، خۆ تۆ موچە خۆری حكومەت نی!. بەڕاستی ئەو وەڵامانە زۆر سەیرن!، بۆ مەگەر موچە خۆری حكومەت بین بەم مناقەشەی ئێمە بارودۆخەكە چاك دەبێت؟!
وەهەروەها چەند جارێكیش وا ڕێك كەوتووە بە ئافرەتەكانم وتووە با باسی خەڵك نەكەین باشترە، ئەمە دەبێتە غەیبەت!
وەڵامەكەیان ئەوە بووە: جا بۆ دەبێتە غەیبەت!، ئەو شتەی كە باسی دەكەین لە كەسەكەدایە و خۆ ئێمە باسی شتێكمان نەكردووە لەودا نەبێت!!.
تكایە تكایە میوانداریەكانتان بەم دوو خاڵە كوشندەیە بەسەر مەبەن و مەیشێوێنن!
!٩- کێشە دروست مەكەن لەسەر منداڵان، بە تایبەت دایكەكان
زۆر جار لەكاتی میوانداریەكاندا منداڵەكان یاری و هەڵبەز و دابەز دەكەن یان جار جار لێیان دەبێت بە شەڕ و لە یەكتر دەدەن، پێویست ناكات لەسەر یاری و شەڕكردنی منداڵان میوان و خاوەن ماڵ لەیەكتر بڕەنجێن!، منداڵان هەمیشە وان لە دوای یاری كردن لە یەكتر بێزار دەبن و دەیكەن بە شەڕ، دوای ماوەیەك خۆیان لەگەڵ یەكتر ئاشت دەبنەوە.
١٠- کۆتا خاڵ و گرنگترینیان،لە دوای سەردانی كردن و هاتنە دەرەوە لە ماڵەكە، با هەوڵبدەین بە ”كەڕ و ڵاڵ و كوێر”ی بێینە دەرەوە، واتە نابێت هیچ شتێكی تایبەتی ئەم ماڵە لای خزم و كەسانیتردا باس بكەین، چونكە شتەكان وەك ئەمانەتێكن لای ئێمە، پاراستنی ئەمانەتیش ئەركی سەر شانی هەموومانە.
لە كۆتاییدا هیوای سەردانی و میوانداریەكی پڕ چێژ و بە سوود بۆ هەمووتان دەخوازم.
نووسینی: زانا عبدالغفار
ڕاهێنەر لە ”ڕێكخراوی ئاگا بۆ ڕاهێنان و هۆشیاری”