پەیامی دایکێك بۆ ڕۆلەکانی – بەشی دووەم
ڕۆلەکانم
وەک ئاشکرایە دوو هێز لەگۆڕەپانی ژیاندا لەململانێدان، ئەو دوو هێزەش هێزی خێرو هێزی شەڕن کەهەر یەك لەو هێزانە دەیەوێ تەنها خۆی هەموو شتێك بێت و سەرپشك بێت.
ئێوەش کە هێزی خێرن و لەناو ئەو ململانێیە دان ڕۆژانە بە بەر زەبرو زەنگی هێزی شەڕ دەکەون و
ئازارتان پێ دەگات، جا بۆ ئەوەی خۆڕاگربن لە بەرامبەر هێزی شەڕو دەست لەهێزی خێر
بەرنەدەن، پێویستە لەسەرەتادا خۆتان دروست بکەن و زانا و دانا و ڕۆشنبیر بن و فاکتەرە کاریگەرەکان بخەنە ژێر دەستی خۆتان بۆئەوەی بەشێکی گرنگ بن لەکۆمەڵگا و جێ دەستتان دیاربێت و تێگەیشت و پێگەیشت بن هەتا بتوانن سەرکردەیەکی کارابن لەپێشخستنی ڕێڕەوی ژیان.
چونکە ئەگەر وەک تاکێکی چەکدار بەزانست وزانیاری وکەسایەتیەکی بەتوانا و باوەڕ پتەو نێنە مەیدان، ئەوا بێگومان کەسانیتر جێگاتان دەگرنەوە و دەوری ئێوەش پڕدەکەنەوە و دەبنە پێشەنکی داهێنان وپێشکەوتنی مرۆڤایەتی و ئێوەش وەك زیندووێکی بێ ژیان، وەك زیادەیەك لەژیان دەبنە پاشکۆی کەسانیتر و تەنها گیانێکی بێ ژیان دەبن لەمانەوەدا.!
ڕۆلەکانم
ئێوە دەبێ زۆر هۆشیارانە و شارەزایانە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی ژیاندا بکەن بۆئەوەی بتوانن گوزەرانێکی شایستە بۆخۆتان مسۆگەر بکەن و دووربن لەتێکشکان و حەسرەت و پەشیمانی.
بەرلەوەی بکەونە تەڵەی دەستی رۆژگارو بەئارەزووی خۆی یاریتان پێبکات دەبێ زۆر بەدانایی و وردبینیەوە بچنە ناو نهێنیەکانی ژیان و بیکەنە پردی پەڕینەوە لەڕێگا دژوارەکاندا هەروها وەك کەرەستەیەکی خاو سوودی لێوەربگرن بۆ بەدیهێنانی خەونەکانتان.
ڕۆلەکانم
خوای گەورە ژیانێکی پڕ بەخششی وەك دەرفەت خستۆتە بەردەستی مرۆڤەکان بۆ ئەوەی سوودی
لێوەربگرن و دنیا و دوارۆژی خۆیانی پێ جوان بکەن، ئەوانیش: کات، تەمەن، تەندروستی و خێزانن.
کە هەموویان دیاری خوای گەورەن بۆ مرۆڤەکان، کە هەموو پیرۆزیەکانی ژیان لەخۆدەگرن و وەسیلەی بەهێزی مانەوە و بەردەوام بوونی ژیانن، بۆیە تکاتان لێدەکەم بەرلەوەی ئەو دەرفەتانەتان لەدەست بچێ و بەدەست بەتاڵی بمێننەوە ڕێزیان بگرن وگرنگی تەواویان پێبدەن و دەستیان پێوە بگرن، چونکە دەرفەتەکان کە دێن، زوو دەڕۆنەوە کە ڕۆیشتن درەنگ دێنەوە و پێویستە چاوەڕێ بکەین.
چاوەڕێ کردنیش کات کوشتنە،
بۆیە تکایە زۆر ئاگاداری دەرفەتەکان بن و لەدەستیان مەدەن چونکە دەرفەتەکان گەنجینەی زێڕ و گەوهەری نەبڕاوەن و دەستکەوت و سەرکەوتنی شاراوەیان پێیە و دەتوانن ئەو تاریکیانە ڕابماڵن کە ڕوناکیان شاردۆتەوە.
ڕۆلەکانم
هەمیشە تاکێکی ئامانجداربن چونکە تاکی ئامانجدار دەتوانێ ڕووبەڕووی سەختیەکانی ڕۆژانەی ژیان ببێتەوە، چونکە تاکی ئامانجدار دەتوانێ بەرگەی ناخۆشیەکان بگرێ و بەسەر گیرو گرفتەکاندا زاڵ بێت، چونکە ئامانج فاکتەری سەرەکی هێز و وزەو توانایە بۆ تاکەکان، چونکە ئامانج وا لە تاکەکان دەکات کە عاشقی ژیان بن و خەونی گەورەیان هەبێ و بەپەرۆشەوە تێبکۆشن لەپێناو بەدیهێنانی ویست و خواستەکانیان، چونکە ئامانج ڕۆحی دەستکەوتەکانە، چونکە ئامانج ژیانە…
ڕۆلەکانم
ئەو ژیانە بەتەنها کاتێك نیە بێت و بڕوا و تەواو!
بەڵکو هەموو چرکەساتەکانی ژیان لێپرسینەوەی لەسەرە!، هەربۆیە دەبێ هەموو کات ئەو پرسیارانە لەخۆتان بکەن:
ئێمە کێین؟
ئێمە بۆچی دروستکراوین؟
ئێمە ئەرکمان چیە؟
ئێمە پێویستە چی بکەین؟
جا ئەگەر سەرکەوتوو بوون لەو پرسیار و وەڵامانە ئەوا بێگومان دەگەنە لوتکەی مرۆڤایەتی و دەبنە ئاوەدانکەرەوەی زەوی و پێشەنگی کاری باش و ڕەوشتە بەرزەکان.
ڕۆلەکام
هەموومان دەزانین کە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لایەنێکی زۆر گرنگن لەژیانی مرۆڤایەتی و پانتاییەکی زۆر فراوانیان هەیە لەبەرێوەبردنی پرۆسەی ژیان هەر لەڕێگای پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەتوانین ئاشنای کەسانی شارەزاو بەئەزموون بین و ببینە هاوکار و هاوخەمی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بەیارمەتی هەیە لە ڕووی مادی و مەعنەویەوە، هەروها دەتوانین زۆر شت وەربگرین و ببەخشین بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێ زۆر بەئاگا و لێزان بین لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و دەبێت بزانین لەگەڵ کێ پەیوەندی دادەنێین؟
پێویستە خۆمان لە هونەرەکانی پەیوەندیکردن شارەزا بکەین، چونکە پەیوەندیەکان دەورێکی کاریگەریان هەیە لە سەر تاکەکان بە باش یان بە خراپ.
هەندێجار پەیوەندیەکان دروستکەر و یاریدەدەرن، بەڵام بەداخەوە هەندێجار تێکدەر و وێرانکەرن بۆیە دەبێ بەهۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا بکەن و وریابن لە هەڵبژاردنی كەسەكان و جۆری پەیوەندیەكان..
هەتا بەشێکیتر بەخواتان دەسپێرم
نوسەر : روقیە ابراهیم