پەیامی دایکێك بۆ ڕۆڵەکانی
بەشی یەکەم
ڕۆڵەکانم ئاگاداربن!
ژیان هەورازو نشێوی زۆری تێدایە.
دڵ و دەرونی خۆتان بەشێوەیەك پەروەردە بکەن کە بتوانن لەبەرامبەر پێشهاتەکاندا خۆڕاگر بن و هەرگیز بێ ئومێد نەبن،
بۆئەوەی ئەگەر رۆژێ لەرۆژان بەربەستێك کەوتە پێشتان و بەهۆیەوە كەوتن، بتوانن دووبارە هەڵبستنەوە.
چونکە قەدەرەکان هەندێجار زۆر بێویژدانن و وێرانکاریان بەدواوەیە!
بۆیە دەبێ ئێوە لەپێشهات و قەدەرەکان بەهێزتر و خۆڕاگرتر بن و خاوەن کەسایەتیەکی کۆڵنەدەرو دڵێکی گەورەو باوڕێکی پتەو ئیرادەیەکی بەرز بن
بۆئەوەی بتوانن بەردەوام بن لەکاروانی ژیان.
ڕۆلەکانم، هەمیشە ئامانجتان ئەوەبێ کە بە سەربەرزی بژین کەسایەتی خۆتان لەسەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن ماندوو مەبن لەبەرێوەبردنی ژیان،
مەترسن لەهەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی چونکە ژیانکردن واتا هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی.
خۆتان خاوەنی خۆتان بن و بۆ هیچ شتێك مەبنە کۆیلەی کەس هەمیشە هەوڵبدەن خاوەنی هەموو باشیەکان بن، کاریگەری ئیجابیتان هەبێ لەژیان، پشت بەخۆتان ببەستن وچاوەڕێی کەس مەکەن تا کۆسپ و تەگەرەکانی سەر ڕێگای ژیانتان بۆ لابەرن.
ڕۆڵەکانم ”مرۆڤ” بن بەمانای وشە و دەستپێشخەربن لەهەموو کارە باشەکاندا.
ڕۆڵەکانم، وامەزانن ژیان هەمووی باغ وگوڵ و گوڵزارە و هیچ ناخۆشیەكی تێدانیە! لەهەمان کاتدا وامەزانن کە ژیان دۆزەخێکە و هەمووی ئێش و ئازارە!
خوای گەورە مرۆڤەکان بەخۆشی وناخۆشی تاقیدەکاتەوە..
ناخۆشیەکان
بۆ ئەوەن پەند لەژیان وەربگرن و هەوڵی باشترکردنی ژیانتان بدەن هەروها بۆئەوەی فێرببن ژیانی کەس ناخۆش نەکەن.
خۆشیەکانیش
بۆئەوەن تام لە ژیان بکەن و ژیانتان لەلا خۆشەویست تر بێت و زیاتر هەوڵبدەن بۆ خۆشکردنی ژیان و دڵی کەسانی دەوروبەرتان.
ڕۆڵەکانم، هەمیشە دادپەروەر و ڕاستگۆبن و هەست بەئەرکەکانی سەرشانی خۆتان بکەن و ڕێز لەو ژیانە بگرن کە خوای گەورە پێی بەخشیون، ئێوە دەبێ بزانن کە
”خۆتان بەڕێوەبەری ژیانن، نەك ژیان بەڕێوەبەری ئێوە بێت..!”
______________________
نوسینی: ڕوقیە إبراهیم